زێدە هەستیاریی خۆراکی (پێنەکەوتن یان ئالێرژی و بەرگەنەگرتن)
زێدە هەستیاریی خۆراکی چییە؟
زێدە هەستیارییی خۆراکی زاراوەیەکی گشتییە بۆ پێنەکەوتن و بەرگەنەگرتنی خۆراک.
پێنەکەوتنی خۆراکی چییە؟
لە پێنەکەوتنی خۆراکیدا دەزگای پاراستنی لەشتان کاردانەوەی بۆ هەندێ مادەی تایبەت دەبێت لە خۆراکەکەتانا.دەزگای پاراستن لە دژی پرۆتێئینەکانی ناو خۆراک ئانتیبادی ساز دەکات. ئەو پرۆتێئینانەی کە لەوانەیە ببنە هۆی کاردانەوەی ئالێرژیک، پێیان دەوترێن ئالێرژێن (هەستیاریهێن). ئالێرژێنە ناسراوەکان هەندێ پرۆتێئینی دیاریکراون لە شیری مانگا و میوەی کاکڵداردا.
بەرگەنەگرتن چییە؟
بە بێ بوونی پێنەکەوتن، لەش لەوانەیە کاردانەوەی بۆ هەندێ خۆراکی دیاریکراو ببێت. کەوابوو ئەمە زێدەهەستیارییەکی نائالێرژیکە. پێی دەڵێن بەرگەنەگرتن. نموونەیەکی بەرگەنەگرتنی لاکتۆزە. خەڵک بەباشی ناتوانن لاکتۆز هەرس بکەن. ئەو ماددانەی کە دەبنە هۆی نیشانەکانی بەرگەنەگرتن، پێیان دەوترێت دەسپێکەرەکان. ئەم دەسپێکەرانە بە شێوەی سروشتی لە خۆراکەکانی وەک لاکتۆزدا هەن. مادەگەلی پارێزەر وەک سولفیتیش دەسپێکەرن.
زۆرتر بخوێنەوە لەبارەی:
بەرگەنەگرتنی لاکتۆز
نەخۆشییەکانی سەر بە بۆشاییی زگ
پێنەکەوتنەکان و بەرگەنەگرتنەکان چەندە باون؟
زێدە هەستیاریی خۆراکی، پێنەکەوتنی خۆراک و بەرگەنەگرتنی خۆراک لە نزیکەی 1 تا سەدا 4ی گەورەساڵان و 4 تا سەدا 6ی منداڵاندا ڕوو دەدات. ئەو منداڵانەی کە لە مندالێدا شیری مانگایان پێ ناکەوێت زۆربەی کات لە کاتی گەورەبووندا ئالێرژییان نامێنێت.
هۆکاری زێدە هەستیاریی خۆراکی
ئێوە لەوانەیە ئامادەیییەکی بۆماوەییتان بۆ پێنەکەوتن یان بەرگەنەگرتن تێدابێت. ئەگەر وابێت، ئەگەری زۆرترە کە تووشی پێنەکەوتن یان بەرگەنەگرتن ببن. مەبەستمان لە ئامادەییی بۆماوەیی ئەوەیە کە ئێوە لانی کەم لە نێو دایک و باوک و خوشک و براکانتاندا یەک کەستان هەیە کە پێنەکەوتن یان بەرگەنەگرتنی سەلمێنراوی لەگەلە. دەسنیشانکردنی زێدەهەستیاریی خۆراکی ئاسان نییە. نیشانەکان لەوانەیە زۆر جیاواز بن و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگۆڕرێن. لەگەل ئەمەشدا، نەخۆشییەکان لەوانەیە هۆکاری تریان بێت.
نەخۆشییەکان (گازندەکان)
نیشانەکانی زێدە هەستیاریی خۆراکی چین (پێنەکەوتن و بەرگەنەگرتن)؟
نیشانەکانی زێدەهەستیاریی خۆراکی بەڕادەیەکی زۆر جیاوازن. بەتایبەت نەخۆشییە پێستییەکان، سەر بە هەناسەدان و گەدە-ڕیخۆڵەییەکان زۆر باون. زۆربەی ئەم نەخۆشییانە لەوانەیە هۆکاری تریان ببێت. ئەوە گرنگە کە پزیشکی بنەماڵە بزانێت کە باقی هۆکارە ڕێتێچووەکان چین. نموونەی نیشانەکانی سەر بە پێنەکەوتنەکان و بەرگەنەگرتنەکان ئەمانەن
- کاردانەوەیەکی ئالێرژیک لە دەم و گەروودا وەک ئاوسان، خارشت و سووربوونەوە لە ناو و دەوری دەمدا. ئەمە زۆربەی کات پاش چەند خولەکێکی کەم لە خواردنی میوە، سەوزە، میوە کاکڵەدارەکان یان سەدەف ڕوو دەدات.
- لیرگ و ئانژیۆئێدم. لیرگ نەخۆشییەکی باوی پێستییە کە دەبێتە هۆی قیتکە، خارشتی چڕ و هەندێ کاتیش ئێش. فۆرمێکی تایبەت لە لیرگ ئانژیۆئێدمە کە لەوانەیە ئاوی زۆری تێدا کۆ ببێتەوە.
شۆکی ئانافیلاکتیک
شۆکی ئانافیلاکتیک بارودۆخێکی کوشندەیە کە بەهۆی کاردانەوەی ئالێرژیکی دژوار لە جەستەدا ڕوو دەدات. ئەم دۆخە لەوانەیە بەهۆی کاردانەوەی ئالێرژیک بۆ خۆراکگەلێکی تایبەت وەک بادام زەمینی یان کونجی ڕوو بدات بەڵام دەرمانەکان و گەزینی زەردەواڵەش لەوانەیە ببێتە هۆی شۆکی ئانافیلاکتیک. شۆکی ئانافیلاکتیک زۆربەی کات وەک دەرەنجامی پێنەکەوتنێکە کە پێشتر تووشی کەسەکە بووە. ئەگەری کەمە کە خۆراکێک کە ئێوە بتوانن بە بێکێشە بیخۆن، لە کتووپڕدا ببێتە هۆی شۆکێکی ئانافیلاکتیک.
مەترسیی شۆکی ئانافیلاکتیک
ئەگەر لە کاتی خۆیدا موداخیلەی بۆ نەکرێت، شۆکی ئانافیلاکتیک دەتوانێت کوشندە بێت. نیشانەکانی شۆکی ئانافیلاکتیک لەوانەیە پاش چەند خولەک دەرکەون و هەندێ جار بۆ چەند کاتژمێر دوا بکەون. ئەگەر بەباشی چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە پاش 6 تا 8 کاتژمێر شۆکێکی تر ڕوو بدات. لە شۆکی ئانافیلاکتیکدا زەختی خوێن لەوانەیە ئەوەندە دابەزێت کە بێهۆش ببن. هاوکات لەوانەیە پەلامارێکی هەناسەسواریش ڕوو بدات. یەکێک لە نیشانە سەرەتایییەکانی شۆک هەست کردن بە کزەکز، خارشت یان تامی کانزایییە لە دەمدا. ئەمە زۆربەی کات ئەم نیشانانەی خوارەوەی بەدوادا دێت:
- لیرگ
- هەست کردن بە گەرما، ئارەق کردن
- ڕشانەوە
- جەمامی، سکچوون
- ماسینی دەم و گەروو
- توندبوونەوەی لەش
شۆکی ئانافیلاکتیک بۆ ڕاەوستانی کاردانەوەکە پێویستی بە دەرزییەکی ئادێرنالین هەیە. ئەو نەخۆشانەی کە بەزۆری تووشی شۆک دەبن، دەرزییەک لەم جۆرەیان پێیە. لە ئەگەری ڕوودانی شۆکدا، دەبێ لە لایەن دوکتور یان ستافی ماشینی فریاکەوتنەوە بە زووترین کات دەرزییەکە لە نەخۆشەکە بدرێت.
نەخۆشەکە بە پشتدا تەخت ڕابکێشن بەجۆرێک پێکانی لەسەرەوە بن و جلە تەنگەکانی وەک بۆینباخەکەی شل بکەن.
کاردانەوەی دوولایەنە لە نێوان خۆراکەکان
ئەگەر ئێوە ئالێرژیتان بە ڕۆبیان (مەیگوو) هەبێت، لەوانەیە کاردانەوەشتان بەرانبەر قرژاڵ هەبێت. ئەمە بەو هۆکارەیە کە ئالێرژنەکانی ناو ئەم دوو خۆراکە زۆر لێک دەچن. کارێ ئەم حاڵەتە ڕوو بدات پێی دەڵێین کاردانەوەی دوولایەنە.
کاردانەوەی دوولایەنە لە تای پووشدا (hay fever)
تای پووش پێنەکەوتنە بە گەردەی تایبەتی هەندێک دارەکان، ڕووەک و گیاکان. هەندێ جار نەخۆشەکانی تای پووش کاتێ هەندێک بەرهەمی تایبەت دەخۆن تووشی کاردانەوەی ئالێرژیک دەبن. بەمەش دەوترێت کاردانەوەی دوولایەنە. ئەمە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئالێرژنە تایبەتەکان لە خۆراک و گەردەدا پەیوەندییان پێکەوە بێت.
ئەم هەڵسەنگاندنە گشتییەی خوارەوە باوترین کاردانەوە دوولایەنەکانی نێوان گەردە و خۆراکە گیایییەکان ڕیز دەکات. هەموو کاردانەوە دوولایەنەکان کە ناوبراون وەک یەک دووپات نابنەوە. هەندێ لە کاردانەوە دوولایەنەکان بەڕاستی بێوێنەن.
لە ئەگەری پێنەکەوتندا: گەردەی گیا. وەرزی گوڵ کردن: لە ئەپریلەوە تا ناوەڕاستی ئۆکتۆبەر، بەپێی جۆری گیا
گەردەی گوڵەبەڕۆنە (Artemisia Vulgaris) وەرزی گوڵ کردن: ئاگۆست | کاردانەوەی دوولایەنەی ڕێتێچوو بە: سێفە زەمینی، گەنم، تەماتە، بادام زەمینی، گەنمەڕەشە گیا باخییەکان و بەهاراتی لە بنەماڵەی چەترییەکان (تووی ڕەزیانە، جەحفەری فەرەنگی، شویت، ژیرە یان زیرە، گژنیژ، گیزەری سپی، گێزەر، جەعفەری، کەرەوز، ڕەزیانە) |
گەردەی درەختی بێتولە. وەرزی گوڵ کردن: ئەپریل تا مەی | مێوەکانی لە بنەماڵەی گوڵەباخ (تووفەرەنگی، بادام، قەیسی، سێو، شاتوو، توودڕک، گێڵاس، شەلیل، هەرمێ، قۆخ، هەڵووژە،دەوەنی باخیی ئاسایی یان blackcurrant) میوە کاکڵەدارەکان بەتایبەتی دارکەلوز یان فندق. گێزەر، کەرەوز، سێفە زەمینی |
گەردەی گیای گێزەرەگیا یان هەرێز (Timothy). مانگی گوڵ کردن: مەی تا سێپتەمبەر | سێفە زەمینی، سێو، گێزەر، کەرەوز |
Frui | |
Pot | |
کاردانەوە دوولایەنەکان لەگەل پێنەکەوتنەکانی تر
جیا لە کاردانەوە دوولایەنەکانی ناوبراو لە سەرەوە، کاردانەوەی دوولایەنە هەروەها لەگەل پێنەکەوتنەکانی تریش لەوانەیە ڕوو بدات. ئەمەی ژێرەوە هەڵسەنگاندنێکی گشتییە:
کاردانەوەی دوولایەنەی ڕێتێچوو بە: لە ئەگەری پێنەکەوتندا:
چەرمێنەی هێلکەی مریشک ڕێقنە و پەڕی باڵندە
مریشک پەلەوەرەکان
گۆشتی بەراز کڕێژی سەک و پشیلە
شەیتانۆکەی باخەمێو و ڕوبیان یان شامەیگو مۆرانەکانی خاکوخۆڵی ماڵ
مۆز، ئەڤۆکادۆ، شابەڕوو، شووتی، کیوی، گەنمەڕەشە لاتێکس (شیرەی درەختی کائۆچۆ)
بۆ نموونە هەڵمژینی پرۆتێئینی ڕێقنەکانی باڵندە لە کاتی خاوێنکردنەوەی قەفەسی باڵندەیەکدا لەوانەیە ئەو کەسە تووشی زێدەهەستیاری بە پرۆتێئینی هێلکەی مریشک بکات. ئەمە پێی دەوترێت سێندرۆمی هێلکەی باڵندە.
ڕاوێژی خۆراک
ئایا پێتان زانیوە کە بەتوندی کاردانەوەتان بۆ خۆراکگەلێکی دیاریکراو دەبێت؟ ئێمە ڕاسپاردەمان ئەوەیە کە بۆ خۆتان خۆراکگەلێکی تایبەت لا مەبەن و بەکاریشیان مەهێنن. باشترین شت بۆ ئەم کارە ئەوەیە کە بچن و دوکتورە گشتییەکەتان ببینن. ئەو دەتوانێت دیاری بکات کە ئەم کاردانەوەیەکی پێنەکەوتنە یان بەرگەنەگرتن و دواتر بتاننێرێت بۆ لای شارەزای خۆراک. شارەزای خۆراک بۆ دۆزینەوەی هۆکاری نیشانەکانتان یارمەتیتان دەدات. ئەو دەتوانێت لەسەر چۆنیەتیی پێشگرتن لە کاردانەوەکانی پێنەکەوتن ڕاوێژتان پێبدات. ئەو هەروەها دەتوانێت بێ ئەوەی تووشی کورتهێنانی مادە خۆراکییەکان ببن، لەسەر چۆنیەتی پارێز لە هەندێ خۆراکیی دیاریکراو ڕاوێژتان پێبدات.
کەمکردنەوەی مەترسیی پێنەکەوتنی منداڵەکەتان
ئەگەر دایک یان باوک یان یەکێک لە منداڵە گەورەترەکانی ناو بنەماڵەیەک پێنەکەوتنێک وەک تای پووش، تەنگەنەفەسی و ئالێرژییەکی خۆراکی لەگەڵا بێت، منداڵە (تازە لەدایکبووەکان) لە بەر مەترسییەکی زۆرتری ئالێرژیدان. بۆ پێشگرتن لە ئالێرژی لە منداڵاندا دەتوانن ئەم کارانەی خوارەوە بکەن:
- لانی کەم بۆ 6 مانگی یەکەم بە مەمکتان شیر بدەن.
- ئەگەر شیرپێدان بە مەمک سەری نەگرت، شیری وشک جێگرەوەیەکی بیمەترسی و جێمتمانەیە. خۆراکپێدانی دەسکردی دژەهەستیاری لەسەر بنەمای هیدرۆلیزی پرۆتێئینی نیوەچڵ بۆ پێشگرتن لە پێنەکەوتنەکان بەکەڵک نییە. ئێـە تەنانەت دژی خۆراکە دەسکردەەکانیان کە بە چڕی هیدرۆلیز کراون.
- لە نێوان 4 مانگ و 6 مانگدا و لەپاڵ شیری مەمک یان وشکدا پێدانی یەکەم پارووەکانی منداڵەکەتان دەست پێکەن.
- لە تەمەنی چوار مانگییەوە دەتوانن پێدانی یەکەم پارووەکانی میوە و سەوزە بە منداڵەکەتان دەست پێکەن. کاتێ منداڵەکەتان عادەتی کرد بەمە دەتوانن دەسبەجێ کەرەی بادام زەمینی و هێلکە بەم سووکەژەمانە زیاد بکەن. حەتمەن پێش 8 مانگان کەرەی بادام زەمینی و هێلکە بە منداڵەکەتان بدەن.
- ئایا منداڵەکەتان ئێگزێما (بیرۆ) یان پێنەکەوتنی خۆراکی لەگەلە؟ کەوایە پێش 6 مانگان دەست بکەن بە پێدانی کەرەی بادام زەمینی و هێلکە. بینینێک لەگەڵ دوکتورەکەتان ساز بدەن بۆ باس کردنی ئەم شێوەی خواردنە.
- لە کاتی شیرپێدان بە مەمک تەنیا ڤیتامینەکانی D و K و کاتی پێدانی خۆراکی دەسکرد، ڤیتامینی D سەروزیادیە. هیچ ڤیتامینێکی تری زیادەی پێ مەدەن.
ڕاوێژ بۆ منداڵ لە قوتابخانەدا
ئەگەر منداڵێک هەندێ خۆاراکی پێناکەوێت یان بەرگەی ناگرێت، لە قوتابخانە بە مامۆستاکە بڵێن:
- ئاماژە بەو خۆراکانە بکەن کە منداڵەکەتان دەتوانێت بیخوات. دەتوانن چەند سووکەژەمێک وەک جێگرەوەی خۆراکی منداڵەکە بدەن بە مامۆستاکە.
- ئەگەر پێویستە لەگەل مامۆستاکە (مامۆستاکان) باسی “پلانێکی فریاکەوتن” بکەن کە بە ڕاوێژ لەگەل پزیشکی بەرپرسدا داڕێژراوە.
- دڵنیا ببنەوە کە زانیارییەکان بۆ قوتابخانە لەسەر کاغەزیش نووسرابێت. زانیارییەکان با سەرنجڕاکێش بن، بۆ نموونە، لەسەر کاغەزی ڕەنگی یان لەگەل وێنەیەکی منداڵەکە. با زانیارییەکان کورت بن لە لای خوارووی هەر لاپەڕەیەکدا ژمارەی تەلەفۆنی تێدابێت جۆرێک کە ئەگەر خوێنەر هەر پرسیارێکی بوو بتوانێت زەنگ بدات. هەروەها ژمارەی پزیشکی بنەماڵەشی با تێدابێت.
- ڕاپۆرتێکی کورت لە تەواوی ڕێکەوتنەکان لەگەڵ قوتابخانەدا بنووسن.
- ئەگەر پێویست بوو دلنیا ببنەوە کە شرینقەیەک لەگەل ئادێرنالین لە قوتابخانەدا بەردەستە و بە ڕێکوپێکی چاو لە ڕێکەوتی ماوەبەسەرچوونەکەی بکەن.
پێنەکەوتن یان بەرگەنەگرتن لە کاتی نان خواردن لە دەرەوە
یاسا ئەورووپییەکان داوا لە چێشتخانەکان دەکەن کە ئەگەر لە ئامادەکردنی بەرهەم یان چێشتەکاندا ئالێرژنەکان بوونیان هەیە زانیارییان لەسەر دابین بکەن. بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە لێکتێنەگەیشتنێک پەیوەندی بە چێشتخانەکەوە بکەن بۆ ئەوەی لە پێنەکەوتن یان بەرگەنەگرتنەکەتان ئاگاداریان بکەنەوە.
پێنەکەوتن یان بەرگەنەگرتن لە پشووەکاندا
- هەندێ جار بەرهەمگەلێکی دیاریکراو لەو وڵاتانەیدا کە بۆ پشوو سەدانی دەکەن دەست ناکەوێت. ئەگەر منداڵێکتان هەیە کە شیروشکێکی تایبەتی پێدەدەن، دڵنیا ببنەوە کە لە هۆڵەندەوە بە بڕی پێویست لەگەڵ خۆتان بردووە. هەندێک وڵات بۆ هاوردەکردنی مادەی خۆراکی یاسایان هەیە. لەسەر ماڵپەڕی ANWB دەتوانن زانیاری ورد بەپێی وڵاتەکان بدۆزنەوە.
- کارێکی بەکەڵک ئەوەیە کە کورتەیەکی وەرگێڕدراو لەگەل وێنە لەو خواردنانەی کە دەبێ پارێزی لێبکەن لەگەلتان بێت.
- ئەگەر لەڕێی ڕێکخراوێکی سەفەرکردنەوە گەشت دەکەن، لە ئالێرژییەکەتان ئاگاداریان بکەنەوە. هەروەها لە ئەگەری دواکەوتن لە ناوڕێ یان بەردەستنەبوونی خۆراکی خوازراو لە کاتی گەیشتندا، “بەستەیەکی فریاکەوتن” لە خواردن لەگەڵ خۆتان هەڵگرن.
- کاتی سواربوونی فڕۆکە، هێڵە ئاسمانییەکە لە ئالێرژییەکەتان ئاگادار بکەنەوە. کاتێ لە ناو فڕۆکەکەدان دەتوانن ژنەمیواندارەکە لە چۆنیەتی هەڵگرتن و دووبارە گەرمکردنەوەی خۆاردنەکەتان ئاگادار بکەنەوە و ڕێنوێنی پێبدەن.
- ئەگەر لە هۆتێل دەمێننەوە، پێشاوپێش پەیوەندی بە هۆتێلەکەوە بگرن.
- ئەگەر دەرمان بەکار دەهێنن، نە نێوان چەند بارگەوبنەدا دابەشی بکەن (واتە لە نێوان بارگەوبنەی دەستی و جانتای جلەکانتاندا). ئەگەر بەشێک لە کەلوپەلەکان ون بوون، لانیکەم با بەشێک لە دەرمانەکان بمێنن.
- ئەگەر سەفەر دەکەن، پاسپۆرتێکی پزیشکی لەگەڵ خۆتان هەڵگرن. لە پاسپۆرتێکی پزیشکیدا جیا لە زانیارییە تاکەکەسییەکان، دەتوانن لەبارەی سروشتی نەخۆشییەکەتان، مادەکان بۆ پارێز کردن، نیشانەکان و هەروەها ناو و وردەکاری پزیشکە گشتییەکەتان، زانیاریی پێویست بگونجێنن.
- لە کاتی زۆربوونی مەترسیی کاردانەوە ئالێرژیکە کوشندەکان یان بارودۆخێک کە مەترسیی لەدەستدانی هۆشیاری هەیە، میداڵی ئاگادارکردنەوەی خاچی سپی دەتوانێت بەخێرایی زانیاری پێویست بۆ پزیشکی فریاکەوتن دابین بکات. تاگەکە هەموو زانیارییە پێویستەکانی تێدایە.
پزیشکی بنەماڵە دەتوانێت بۆ پڕکردنەوەی پاسپۆرتی پزیشکیی ئەورووپی و ئامێرەکانی ئاگادار کردنەوە یارمەتی بدات.