COPD Iraaks

کۆپد (نەخۆشیی درێژخایەنی گیرانی سییەکان)

کۆپد و خۆراک

زۆربەی خەڵک کاتێ دەزانن کە ئەو خۆراکەی دەیخۆن کاریگەری لەسەر هەناسەدانیان دادەنێت، سەریان سڕ دەمێنێت. جەستەی ئێوە خۆراک وەک سووتەمەنی بۆ تەواوی چالاکییەکانی بەکار دەهێنێت. تێکەڵێکی دروستی خۆراک لە بەرنامەی خواردندا دەتوانێت بۆ هەناسەدانی ئاسانتر یارمەتیدەر بێت. هیچ خۆراکێک بەتەنیا تەواوی مادەکان کە پێویستتان پێیەتی لەخۆ ناگرێت- بەرنامەیەکی تەندروستی خواردن هەمەڕەنگییەکی زۆری تێدایە. ئێوە و تیمی چاودێریی تەندروستیتان بەرنامەیەکی خۆاردن دەردێنن کە تەنیا بۆ ئێوە دەشێت. بینینی شارەزایەکی تۆمارکراوی خۆراک، یارمەتیتان دەدات کە ڕەوتە دروستەکە بگرنە پێش.

چۆن خۆراک پەیوەندیی بە هەناسەدانەوە هەیە؟

پرۆسەی گۆڕینی خۆراک بۆ سووتەمەنی لە جەستەدا مێتابولیزمی پێ دەوترێت. ئۆکسیژن و خۆراک کەرەستە خاوەکانی پرۆسەکەن و وزە و دیئۆکسایدی کاربۆن بەرهەمە تەواوکراوەکانین. دیئۆکسایدی کاربۆن بەرهەمێکی زیادەیە کە ئێمە بە هەناسە دەیدەینە دەرەوە.

تێکەڵێکی دروستی خۆراک لە بەرنامەی خواردندا دەتوانێت بۆ هەناسەدانی ئاسانتر یارمەتیدەر بێت.

مێتابولیزمی کاربۆهیدراتەکان بۆ ئەو بڕە ئۆکسیژنەی کە بەکاری دەهێنێت، زۆرترین دیئۆکسایدی کاربۆن بەرهەم دەهێنێت؛ لە کاتێکا مێتابولیزمی چەوری کەمترین ڕادە بەرهەم دەهێنێت. بۆ کەسانی تووشبووی کۆپد، خواردن بەپێی بەرنامەی خۆراکێک کە کاربۆهیدراتی کەمتر و چەوری زیاتری تێدابێت، یارمەتییان دەدات کە ئاسانتر هەناسە بدەن.

ڕێنوێنییە خۆراکییەکان
کاربۆهیدراتە کامپلێکسەکان هەڵبژێرن وەک نانی سۆسدار و پاستا، میوە و سەوزە تازەکان.

بۆ دابەزاندنی کێش: بۆ زۆرینە کاربۆهیدراتە کامپلێکسەکانتان میوە و سەوزەی تازە زیاتر لە نان و پاستا هەڵبژێرن.

بۆ زۆرکردنی کێش: کاربۆهیدراتی سۆسداری جۆراوجۆر و میوە و سەوزە تازەکان بخۆن.

  • کاربۆهیدراتە ساکارەکان کەم بکەنەوە وەک شەکر، نوقڵ، کەیک و خواردنەوە بێئەلکۆڵە ئاسایییەکان.
  • هەموو ڕۆژێک لە شتانێک وەک نان، پاستا، میوە کاکڵدارەکان، ناوکەکان، میوەکان و سەوزەکان 20 تا 30 گرەم فیبر بخۆن. بۆ یارمەتیدانی بەهێزڕاگرتنی ماسوولکەکانی هەناسەدان هەموو ڕۆژێک سەرچاوەیەکی باشی پرۆتێئین بخۆ. بژاردە باشەکان بریتین لە شیر، هێلکەکان، پەنیر، گۆشت، ماسی، گۆشتی پەلەوەر، میوە کاکڵدارەکان و باقلە و نۆکی وشک.

بۆ دابەزاندنی کێش: سەرچاوە کەمچەورەکانی پرۆتێئین وەک گۆشتی بێبەز و بەرهەمە شیرەمەنییە کەمچەورەکان هەڵبژێرە.

بۆ زۆرکردنی کێش: پرۆتێکینێک بە ناوەرۆکی چەوریی زۆرترەوە هەڵبژێرە وەکوو شیری تەواو، پەنیر و ماستی شیری تەواو.

  • چەورییە تاکناپاراوەکان و چەندناپاراوەکان هەڵبژێرە کە کۆلێسترۆلیان تێدا نییە. ئەمانە ئەو چەورییانەن کە لە گەرمای ماڵدا شلکن و لە سەرچاوە گیایییەکانەوە دێن وەک ڕۆنەکانی کانۆلا، کاخڵی و گەنمەشامی.

بۆ دابەزاندنی کێش: خواردنی ئەم چەورییانە سنووردار بکە.

بۆ زۆرکردنی کێش: ئەم جۆرانەی چەوری بە ژەمەکانت زیاد بکە.

  • ئەو خۆراکانی کە چەوریی ترانس و چەوری پاراویان تێدایە سنوورداریان بکە. بۆ نموونە کەرە، گۆشتی بەراز، بەز و پێست لە گۆشتدا، ڕۆنە گیایییە هیدرۆژنەکان، خۆراکە سوێرە سوورکراوەکان، غوڕابییەکان، غوڕابییە سوێرەکان و شیرینییەکان.

ئاگاداری: ئەمانە ڕێنوێنییە خۆراکییە گشتییەکان بۆ ئەو کەسانەن تووشبووی کۆپدن. پێداویستییەکانی هەر کەسێک جیاوازە، کەوابوو پێش ئەوەی لە بەرنامەی خۆراکەکەتاندا گۆڕانکاری پێک بهێنن، لەگەڵ دوکتۆر یان شارەزای خۆراکی تۆمارکراوی خۆتان قسە بکەن.

کێشتان تاوتوێ بکەن

عادەت بکەن کە بەڕێکوپێکی کێشی خۆتان ئەندازە بگرن. ترازووەکە بۆ زیادکردن و کەمکردنی کێش هۆشدارتان پێدەدات. ئەگەر سەرەڕای پێڕەوکردنی بەرنامەی خواردنی پێشنیارکراو، دیسان کێشتان کەم دەبێتەوە یان زیاد دەکات، پێویستە پزیشک یان شارەزاکەی خواردنتان ببینن. لە ئەنجامی کەمیی یان زۆربوونی کێشدا لەوانەیە هەندێک ئاڵۆزیی تەندروستی ڕوو بدەن. جەستەیەک کە بەباشی خۆراکی پێگەیشتبێت باشتر دەتوانێت دەرەقەتی چڵککردنەکان بێت. کاتێ کەسانێکی تووشبووی کۆپد جەستەیان چڵک دەکات، لەوانەیە زۆر بە خێرایی قووڵ بێتەوە و خەواندنی نەخۆشخانەی بەدوادا بێت. خۆراکی باش دەتوانێت پێشگیری بکات لە ڕوودانی ئەم حاڵەتە. ئەگەر نەخۆشینیش ڕووبدات، جەستەیەک کە خۆراکی باشی وەرگرتووە باشتر لە چارەسەرییەکە وڵام دەگرێتەوە.

ڤیتامینەکان و مادە کانزاکان

زۆربەی خەڵک خواردنی موڵتیڤیتامێنێکی چەندمەبەستە بە باش دەزانن. زۆربەی کات خەڵکانی تووشبووی کۆپد، ستێروێدەکان دەخۆن. بەکارهێنانی درێژخایەنی ستێروێدەکان پێویستی بە کەلسیۆم زیاد دەکەن. خواردنی تەواوکەرەکانی کەلسیۆمتان لە بەرچار بێت. بە شوێن یەکێکەوە بن کە ڤیتامین D لەخۆ بگرێت. کەلسیۆم کاربۆنات و کەلسیۆم سیترات سەرچاوەی باشن بۆ کەلسیۆم. پێش زیاد کردنی هەر جۆرە ڤیتامینێک بۆ ڕەوتی ڕۆژانەتان، حەتمەن لەگەڵ پزیشکەکەتان باسی بکەن.

سۆدیۆم

سۆدیۆمی فرەزۆر لەوانەیە ببێتە هۆی پەنمیان (ئاوسان) کە لەوانەیە زەختی خوێن زیاد بکات. ئەگەر پەنمیان یان زەختی خوێنی زۆر کێشەی تەندروستین بۆ ئێوە، لەبارەی ئەوەی کە ڕۆژانە دەبێ چەندە سۆدیۆم بخۆن، لەگەڵ پزیشکەکەتان قسە بکەن. لە شارەزای تۆمارکراوی خورادنی خۆتان لەبارەی بەکارهێنانی ئاڵەت و زەردەچێو و ئەو گیایانەی وەک بەهارات دەیکەنە ناو خواردن و ڕێگاکانی تری کەمکردنەوەی خواردنی سۆدیۆم پرسیار بکەن.

ڕژۆکەکان

خواردنەوەی زۆری ئاو نەک هەر تەنیا بۆ هایدراتە هێشتنەوەی خۆتان، بەڵکوو بۆ ناسک هێشتنەوەی لینجاو بە مەبەستی لاچوونی ئاسانتر، زۆر گرنگە. لەبارەی (بڕی) ئەو ئاوەی کە دەیخۆنەوە لەگەل پزیشکەکەتان قسە بکەن. بۆ زۆر کەس ڕۆژانە 8-6 لێوان (هەرکام 8 ئۆنسی ڕژۆک) ئامانجێکی (بڕێکی) باشە. هەوڵ مەدەن کە ئەم ئاوە بە یەک جار بخۆنەوە، بە مل تەواوی ڕۆژەکەدا دابەشی بکەن. هەندێک کەس ئەوە بە باش دەزانن کە هوموو بەیانییەک گشت ئەو ئاوەی وا بڕیارە لە یەک ڕۆژدا بیخۆنەوە بیکەنە ناو گۆزەڵەیەکەوە. بەم شێوە ئیتر شیشەکەیان (لێوان) لەو گۆزەڵە پڕ دەکەن و لە ڕۆژدا بەدواداچوون بۆ بەرەوپێشچوونی خۆیان دەکەن. لە بیرتان بێت کە هەر ڕژۆکێکی تەندروستی بێکافێئین بەرەو ئامانجەکەتان دەبات و هەروەها زۆرێک لە خۆراکەکان بڕێکی بەرچاو ڕژۆکیان تێدایە.

بەکارهێنانی بەرهەمە خۆراکییە پزیشکییەکان

لەوانەیە پێی بزانن کە دژوارە بە خۆراکە ئاسایییەکان پێداویستییە خۆراکییەکانی خۆتان دابین بکەن بەتایبەت ئەگەر هەموو ڕۆژێک بڕێکی زۆری کالۆریتان پێویست بێت. هەروەها ئەگەر RDNەکەتان پێشنیاری ئەوەی دابێت کە زۆربەی کالۆرییەکانی خۆتان چەوری وەربگرن – تێکەڵەی چەندناپاراو، تاکناپاراو و کۆلێسترۆلی خوار- لەوانەیە بە خواردنی ئاسایی نەتوانن بەئاسانی بگەن بەم ئامانجە. RDN یان دوکتورەکەتان لەوانەیە پێشنایری خواردنەوەی ڕژۆکێک بکات کە پێی دەوترێت بەرهەمی خۆراکیی پزیشکی (تەواوکەر). هەندێک لەم بەرهەمانە لە لایەن ئەو کەسانەوە کە ناتوانن خۆراکی ئاسایی بخۆن، دەکرێت وەک خواردنی تەواو بەکار بهێنرێن یان لە لایەن ئەو کەسانەوە کە ناتوانن بڕی پێویستی خۆراک بخۆن، دەتوانرێت بە ژەمە ئاسایییەکان زیاد بکرێت.

خاڵەکانی بەرنامەی خواردن

  • پێش خواردن پشوو بدەن
  • ئەگەر زۆربەی جار لە درێژەی ڕۆژدا بۆ نان خواردن زۆر ماندوون، بەیانیانی زوو زۆرتر خواردن بخۆن
  • لەو خۆراکانەی دەبنە هۆی گاز و قرپ لێدان پارێز بکەن. ئەم خواردنانە دەبنە هۆی دژوارترکردنی هەناسەدان.
  • لە ڕۆژێکدا 6-4 ژەمی بچووک بخۆن. ئەم کارە وادەکات تەڕافتان بە ئازادی جووڵە بکات و بهێڵێت سییەکانتان بە ئاسانتر پڕ ببن لە هەوا و خاڵی ببنەوە.
  • ئەگەر خواردنەوەی ئاو لە کاتی نان خواردندا دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە پڕی بکەن، ئاوەکە کەم کەنەوە؛ کاتژمێرێک پاش ژەمەکان ئاو بخۆنەوە.
  • بۆ ئەوەی لە ڕۆژدا هەست بە تێری نەکەن، شەوانە تەواوکەرێکی خۆراکی بخۆن.

سەرچاوە: ئەنجومەنی ئەمریکیی سی

 

QR code naar deze pagina

QR Code
nl_NLDutch