Artrose Iraaks

ئۆستیۆئارتریتیس (ماسینی ئێسک و جومگە)

Afbeelding met persoon, person Automatisch gegenereerde beschrijving

ئۆستیۆئارتریتیس دۆخێکە کە دەتوانێت ببێتە هۆی توندبوونەوە و ئازاربەخشبوونی جومگەکان. ئەژنۆکانتان، سمتەکانتان و جومگە بچووکەکان لە دەستەکانتاندا بەزۆری دەکەونە بەر کاریگەریی ئەم دۆخەوە. ئەمە باوترین شێوەی ئاوسانی جومگەیە.

لەبارەی ئۆستیۆئارتریتیسەو

وەها دەزانرێت کە ئەم بارودۆخە کاتێک پەرە دەستێنێت کە جومگەکانتان زەبری پێ گەیشتبێت. کاتێ جومگەکانتان هەوڵ ئەدەن خۆیان چاک بکەنەوە لە ناویاندا گۆڕانکاری ڕوو دەدات. ئەم گۆڕانکارییانە لەوانەیە پەرەسەندنی ئێش و توندبوونەوەی لێبکەوێتەوە.

دوو جۆری جیاوازی ئۆستیۆئارتریتیس بوونی هەیە.

  • لە ئۆستیۆئارتریتیسی سەرەتاییدا نەخۆشین یان برینێکی شاراوە و ژێرین بوونی نییە. ئەم جۆرە وردەوردە سەر هەڵدەدات و کەسانی پیر تووش دەکات.
  • ئۆستیۆئارتریتیسی جۆری دووهەم بەسراوەتەوە بە برینێکی پێشتر یان دۆخێکی پزیشکییەوە. ئەم جۆرە زۆرتر خەڵکانی گەنجتر تووشی دەبن.

ئۆستیۆئارتریتیس دەتوانێت بە شێوەی جۆراوجۆر خەڵک تووش بکات و دەتوانێت لە جومگەیەکەوە بۆ جومگەیەکی تر جیاواز بێت. هەندێ جار بە تێپەڕینی کات دژوارتر دەبێت، هەرچەند زۆربەی کات ئەم حاڵەتە ڕوو نادات. لەوانەیە بۆ ساڵانێک وەک خۆی بمێنێتەوە یان لەوانەشە بە تێپەڕینی کات ئازار و توندبوونەوەکەی زۆرتر ببێت.

هۆکارەکانی ئۆستیۆئارتریتیس

بە وردی دیار ڕوون نییە کە چی دەبێتە هۆی ئەوەی کەسیك تووشی ئۆستیۆئارتریتیس ببێت. شک دەیگرێت کە بە چەن هۆکارێکی جیاواز بێت. بەڵام چەند فاکتەری دیاریکراو هەن کە وەها دەرکەوتووە کە مەترسیی پەرەسەندنی ئەم حاڵەتە لە ئێوەدا زیاد دەکەن. ئێوە لەوانەیە زۆرتر تووشی ئۆستیۆئارتریتیس ببن ئەگەر:

  • تەمەنتان لە 45 زیاتر بێت- تا پیرتر دەبن مەترسییەکە زۆرتر دەبێت
  • ئێوە لە ڕەگەزی ژن بن- ئەگەرچی پیاوانیش تووش دەکات بەڵام لە ژناندا باوترە
  • قەڵەو بن- کێشی زیادە گوشاری زۆرتر دەخاتە سە جومگەکان، وە ئەو مادە کیمیایییانەی لە خانە قەڵەوەکانەوە بەردەبن پەیوەنییان بە ئۆستیۆئارتریتیسەوە هەیە
  • لە بنەماڵەتاندا پێشینەی ئۆستیۆئارتریتیسەوە هەبێت
  • لە جومگەیەکتاندا پێشتر برینتان بووبێت
  • لە ئێستا (یان ڕابردوودا) پیشەیەکتان بووبێت کە کاری دەستیی زۆری تێدا بووبێت یان سەرگەرمییەکتان هەبووبێت کە گوشارێکی زۆری سەر جومگەکانتانی لەخۆ گرتبێت وەک کایەی تۆپی پێ.
  • بارودۆخێکی ترتان هەیە کە کاریگەری لەسەر جووڵە و ڕێکخستنی جومگەکانتان دادەنێت- ئەمە لەوانەیە واتای ئەوە بێت کە ئێوە گوشارێکی زۆرتر دەخەنە سەر جومگەکانتان.

نیشانەکانی ئۆستیۆئارتریتیس

نیشانە سەرەکییەکانی ئۆستیۆئارتریتیس ئازار و توندبوونەوەی ئەو جومگانەیە کە تووش دەبن. لەوانەیە پێی بزانن کە چیدی ناتوانن وەک پێشتر کەڵک لەو جومگەیە وەربگرن یان بیجووڵێنن. هەندێ کات لەوانەیە ئێشەکە بڵاوە بکات یان ئێوە لە بەشێکی جیاواز لە جەستەتاندا کە جومگە تووشبووەکەی تێدایە هەستی پێ بکەن. بۆ نموونە ئەگەر ئێوە لە سمتەکانتاندا تووشی ئۆستیۆئارتریتیس بووگن، لەوانەیە لە سەرووی ڕان، ڕان، ئەژنۆ یان قولەپێدا هەستی پێبکەن.

زۆربەی کات ئێوە تەنیا کاتێک هەست بە ئێش دەکەن کە لە جومگەکەتان کەلك وەرگرن و کاتێک پشوو دەدەن بەرەو باشتربوون دەڕوات. بەڵام ئەگەر ئاوسانی جومگەکانتان دژوار بێت لەوانەیە تەنانەت کاتێکیش پشوو دەدەن هەر ئازاریان ببێت. لەوانەیە بەیانیان یان دوای پشوو وەرگرتن، یەکەم هەست وشکبوونەوە بێت بەڵام زۆربەی کات ئەم هەستە بەخێرایی لادەچێت.

هەندێ جار لەوانەیە ئێوە بە ماسین یان ئاوسانی دەوری جومگە تووشبووەکە و هەستی خرمەخرم و کڕەکڕ بزانن یان کەتی جووڵە کردن دەنگی لێوە بێت.

ئەم نیشانانە هەندێ جار لەوانەیە بە هۆی کێشەکانی ترەوە بێت بەڵام ئەگەر هەرکام لەم نیشانانەتان هەیە بۆ ڕێنوێنی پەیوەندی بە فیزیۆتراپیستەکەتانەوە بگرن.

خۆیارمەتی

فیزیۆتراپیستەکەتان لەبارەی چەندین شتەوە قسەتان بۆ دەکات کە کە دەتوانن بۆ کەمکردنەوەی توندبوونەوەی جومگەکانتان ئەنجامیان بدەن و ژیانی ڕۆژانەتەن ئاسانتر بکەن. هەندێ لە سەرەکیترینی ئەوانە لە خوارەوە ڕیز کراون.

  • ڕاهێنانی ڕێکوپێک دەتوانێت بۆ باشترکردنی نیشانەکانتان یارمەتیتان بدات و هێزی ماسوولکەکان درووست بکات. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ڕاهێنانی تایبەت بە ئۆستیۆئارتریتیس ئەو بەشەی خوارەوە ببینن.
  • ئەگەر ئێوە کێشی زیادەتان هەیە یان قەڵەون بە گۆڕانکاری لە خۆراک و ئاستەکانی چالاکی جەستەتان هەوڵ بدەن کێشتان کەم بکەنەوە. تەنانەت کەمکردنەوەی بڕێکی کەمی کێش گوشاری سەر جومگەکانتان کەمتر دەکاتەوە و نیشانەکانتان باشتر دەکات.
  • ئەگەر ئێوە لە ئەژنۆتاندا تووشی ئۆستیۆئارتریتیس بووگن، لەپێکردنی کەوشێک بە ژێرەی نەرم و ئەستوور و ڕاحەتەوە یان بەکارهێنانی ناوەکەوش یارمەتیتان دەدات کە هەر جۆرە دەنگێکی کیڕەی ئەژنۆتان کەم بکاتەوە.
  • بۆ کەمکردنەوەی ئێشەکەتان بەکارهێنانی پەدی گەرمایی (حەرارەتی) یان بەستەی سەهۆڵ تاقی بکەنەوە. هیچکام لەمانە ڕاستەوخۆ مەخەنە سەر پێستتان چون لەوانەیە زەبرتان لێ بدات یان پێستتان بسووتێنێتەوە. سەرەتا بیپێچن بە خاولییەکەوە.

ڕاهێنان و ئۆستیۆئارتریتیس

ڕاهێنانی ڕێکوپێک بە زۆرترین ڕادە کە لە تواناتاندایە یەکێکە لە هەر بەسوودترینی ئەو شتانە کە دەتوانن ئانجامی بدەن. ڕاهێنان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی جومگەکانتان بەباشی کاری خۆیان بکەن و ئازارتان کەم ببێتەوە. ئەم کارە هەروەها یارمەتی دەدات کە هێزی ماسوولکەکانتان زیاتر بکات و لەگەل باشتر کردنی تەندروستیتان لەوانەیە هەروەها یارمەتیدەر بۆ ئەوەی هەستێکی باشتریشتان هەبێت.

هەندێ کات فیزیۆتراپیستەکاتان لەوانەیە بەرنامەیەکی ڕاهێنانی ڕێکخراو پێشنیار بکات کە بتوانن تێکەڵی ببن. لە کاتەکانی تردا ئەوان تەنها لەوانەیە هەندێ ڕێنوێنیتان بدەنی لەبارەی ئەوەوە کە چی تاقی بکەنەوە. شتێک کە گرنگە ئەوەیە کە شتێک بدۆزنەوە کە بتوانن خەریکی ببن و چێژی لێ وەربگرن.

ئامانجتان ئەوە بێت کە تێکەڵەیەک لە جۆرە جیاوزاەکانی ڕاهێنان ئەنجام بدەن کە ئەمانەی لە خوارەوە دێت لەخۆ بگرێت.

  • ڕاهێنانەکانی بەهێزکردن- بۆ یارمەتیدانی بەهێزکردنی ماسوولکەکانتان و پشتگیریکردنی جومگەکانتان.
  • ڕاهێنانەکانی ئێرۆبیک- کە ڕادەی لێدانی دڵتان زیاتر دەکات و هەندێک هەناسەتان سوار دەکات. ئەمە بۆ تەندروستی و بەگوڕی گشتی باشە و یارمەتی کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی کێش دەدات. لەوانەیە خۆتان پێی بزانن کە باشترین کار ئەوەیە ڕاهێنانێکی لەسەرخۆی ئێرۆبیک ئەنجام بدەن کە گوشاری زیادە نەخاتە سەر جومگەکانتان. نموونەکان بریتین لە مەلەکردن، دووچەرخەسواری یان پیادەڕەوی.
  • ڕاهێنانەکانی نەرمی/کێشان- بۆ یارمەتیدانی ڕاگرتنی پانتایی و ڕێنجی جوولەکردنی جومگەکانتان.

وردەوردە ڕادەی ڕاهێنانەکانتان زیاد بکەن. لەوانەیە بتانەوێت فیزیۆتراپیستێک ببینن کە بتوانێت بەرنامەیەکی ڕاهێنانی تاکەکەسیتان بۆ درووست بکات کە بەکەڵکتان بێت.

دەرمانکردنی ئۆستیۆئارتریتیس

هەروەک پێوەرەکانی خۆیارمەتیی سەرەوە، بژاردەی جۆراوجۆری دەرمانکردن بۆ هەڵسوکەوت لەگەل ئۆستیۆئارتریتیس بوونی هەیە کە فیزیۆتراپیستەکەتان لەگەلتان باسی دەکات.

دەرمانە پشتیوانەکان

فیزیۆتراپیستەکەتان لەوانەیە بتاننێرێت بۆ لای شارەزایانی تری تەندروستی کە بتوانن ڕێنوێنیی کردەییتان پێبدەن و پێشنیاری یارمەتی و ئامێرگەلی جۆربەجۆرتان بۆ بکەن کە بتوانێت یارمەتیتان بدات. ئەمانە لەوانەیە ئەوانەی خوارەوە لەخۆ بگرێت.

  • فیزیۆتراپیست دەتوانێت لەسەر باشترین جۆرەکانی ڕاهێنان بۆ ڕاگرتنی جووڵە و بەهێزکردنی ماسوولکەی دەوری جومگە تووشبووەکان ڕێنوێنیتان بکات. ئەوان هەروەها مەزەنەی ئەوە دەکەن کە ئایا میلەکان، تەختەی شکستەبەندی یان پاڵپشتەکان بەسوود دەبن یان نا.
  • چارەسەرکەرێکی (تێراپیست) شارەزا هەروەها دەتوانێت ڕێگای کردەییتان نیشان بدات کە لە بەڕێوەبردنی ئەرکە ڕٶژانەیییەکانتاندا یارمەتیتان بدات. ئەمە لەوانەیە ئەو گۆڕانکارییانە لەخۆ بگرێت کە ئێوە دەتوانن لە ماشێنەکاتان، ماڵەوە یان شوێنی کارەکەتان پێکی بهێنن بۆ ئەوەی هەر گوشارێکی سەر جومگەکانتان ئاسان بکاتەوە.
  • پزیشکێکی پێ دەتوانێت لەسەر باشترین پاپۆش کە دەتوانن بەکاری بهێنن ڕێنوێنیتان پێ بدات و ئەوەی کە ئایا ناوەکەوش یارمەتیتان دەدات یان نا.

بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا دووبارەڕێکخستنەوەی ژوورێک لە ماڵەکەتاندا یان هەندێ گۆڕانکاری یارمەتیدەر دەبێت یان نا. بۆ نموونە، ئەگەر ئێوە ئاوسانی جومگەی سمت یان ئەژنۆتان هەیە لەوانەیە بتانەوێت لە ئاودەستەکەتاندا نەردەی پلیکان یان نەردەی دەسگر دامەزرێنن. سەندەڵی بەرزی ئاودەست یان تەختە/سەندەڵی شۆرگە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت. ئەگەر دەستەکانتان تووش بووگن، ئامێر و کەلوپەلی یارمەتیدەر وەک سووڕێنەری شێرەی ئاو، کەلوپەلی چێشتخانە بە دەستەی نەرمپۆش و قتووهەڵچڕی خۆکار لەوانەیە یارمەتیدەر بن.

چارەسەرکەرێکی شارەزا دەتوانێت ڕێنوێنیی زیاترتان بداتێ. ئێوە لەوانەیە مەرجەکانی وەرگرتنی پشتیوانیتان تێدا بێت بۆ هەر جۆرە یارمەتی و گونجاندنێک کە لە ماڵەکەتاندا پێویستتان پێیەتی. بۆ هەڵسەنگاندنێکی خۆڕایی پەیوەندیی بە بەرپرسی خۆجێییی خۆتانەوە بکەن.

ئەگەر ئێوە دەچنە سەر کار، پرسیار بکەن کە ئایا دەامەزرێنەرەکەتان بەشێکی تەندروستیی پیشەیی هەیە یان نا. ئەوان دەتوانن یارمەتیتان بدەن کە ڕاستکردنەوەگەلێک لە شێوە یان شوێنی کارەکەتاندا ئەنجام بدەن کە یاریدەتان بدات.

QR code naar deze pagina

QR Code
nl_NLDutch