ئێشی سەرووی پشت
هەروەک خوارووی پشتمان، لەوانەیە لە سەروو و ناوەڕاستی پشتیشمانەوە تووشی ئێش ببین. ئەمە پێی دەوترێت پشتئێشەی سینەیی (thoracic). لە ئێشی خوارووی پشت دەگمەنترە بەڵام دیسان هەر زۆر باوە. لەوانەیە ئێوە لە نێوان ئێسکەکانی شان یان لە هەر شوێنێکی تر لە نێوان مل و پشتتاندا ئێشتان بێت.
لەبارەی پشتتانەوە
زانینی شێوەی ڕێکخستنی پشتتان دەتوانێت سوودبەخش بێت. پشتی ئێوە زۆر بەشی پێکەوە گرێدراوی هەیە لەوانە ئێسکەکان، جومگەکان، ماسوولکەکان، جومگەبەندەکان، دەمارەکان و ماسوولکەبەندەکان. بڕبڕەتان پشتی ئێوە هەڵدەگرێت. بڕبڕە لە 24 ئێسکی جودا پێکهاتووە کە مۆرەیان پێ دەوترێت و لەسەر یەکتر هەڵچنراون. لە ژێر مۆرەکاندا لە خوارووی بڕبڕەتاندا ئێسکەکانی سێبەندە و کلێنچکە هەن. لە نێوان مۆرەکاندا، دیسکەکان وەک وەرگری تەکان کار دەکەن و ڕێی چەمینەوە بە بڕبڕە دەدەن. مۆخی بڕبڕە بە ناو مۆرەکاندا تێدەپەڕێت و پەیامە دەمارییەکان لە نێوان مێشک و باقی بەشەکانی تری جەستەتاندا دەگوێزێتەوە. مۆخی بڕبڕە لە خوارووی پشتتان وەک دەستەیەک لە دەمارەکان کۆتایی پێدێت. ئەمە پێی دەوترێت “cauda equina” (بە زمانی لاتین واتە “کلکی ئەسپ” کە وایان دەزانی لەوە بچێت).
هۆکارەکانی ئێشی سەرووی پشت
بۆ ئێشی سەرووی پشت هۆکارگەلێکی ڕێتێچووی زۆر هەیە. هەندێ جار بە بێ هۆکارێکی زانراو تووشی ئێش دەبن. پشتئێشەیەک کە هۆکارێکی ڕوون یان زانراوی نییە پێی دەوترێت پشتئێشەی نادیار یان دیارینەکراو. ئەم حاڵەتە زۆربەی کات بەهۆی سووتانەوە لە ماسوولکەکان و شانە نەرمەکاندایە.
ئێشی سەرووی پشت زۆربەی کات بە هۆی هەڵکەوتنی باری خراپی لەش بۆ کاتێکی درێژ ڕوو دەدات. باری باشی لەش مانای ئەوەیە ڕاست و درێژ بوەستیت و شانەکانت لە دواوە و خوارەوە بن. سەرتان بە ڕێکی ڕاگرن- هەوڵ بدەن لارەی نەکەنەوە.گوێکان، شانەکان، سمتەکان و ئەژنۆکان هەموویان دەبێ لە یەک هێڵدا بن.
هۆکارەکانی تری ئێشی سەرووی پشت بریتین لە:
- ڕووداوێک یان برینێکی کتووپڕ وەک زەبرپێگەیشتنی مل بەهۆی لێدانی ماشین (زەربەی وەک قامچی) و برینەکانی وەرزش
- کێشانی ماسوولکە یان جومگەبەندێکی پشتتان
- نەبوونی هێز لە ماسوولکەکانی پشتتان (بۆ نموونە بەهۆی کەمیی ڕاهێنانەوە)
- دانیشتن لە پشتی کۆمپیتەرێکەوە بۆ کاتێکی زۆر
- هەڵگرتنی کۆڵەپشتییەک
- جووڵەی دووبارە کە دەبێتە هۆی برینی زێدەبەکارهێنان
ئێشی سەرووی پشت هەروەها لەوانەیە بەهۆی هەندێک بارودۆخی جددییەوە بێت وەکوو:
- پووکانەوەی ئێسک
- ماسینی ئێسک و جومگە
- تەنگبوونەوەی بڕبڕەیی- ڕێڕەوێکی وەک تۆنێل کە مۆخی بڕبڕە لە ڕێی مۆرەکانتانەوە (کاناڵی بڕبڕەیی) پێیدا دەڕوات بەریک دەبێتەوە و گوشار دەخاتە سەر دەمارەکە
- دیسکی خزاو-یەکێک لە دیسکەکان کە دەکەونە نێوان پێشەکانی بڕبڕەتان (مۆرەکان) لە شوێنی خیۆی دەردەپەڕێت (هەرچەند ئەم حاڵەتە بە دەگمەن دەبێطە هۆی نیشانەکانی ئێشی سەرووی پشت)
- ankylosing spondylitis (جۆرێک جومگەئاوسێی بڕبڕەیی)
نیشانەکانی ئێشی سەرووی پشت
بەپێی ئەوەی چ شتێک دەبێتە هۆی ئێشەکە، نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لەوانەیە بگۆڕرێن. ئێشەکە لەوانەیە سووک یان دژوارتر بێت. لەوانەیە لە یەک خاڵی دیاریکراودا ئێشێکی تیژتان بێت یان ژانێکی گشتی کە دێت و دەڕوات. پشتئێشەیەک کە هۆکارێکی ڕوون یان زانراوی نییە پێی دەوترێت پشتئێشەی نادیار. ئەگەر ئێشی پشتتان بە شێوەیەکی بەرچاو خەریکە کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی ڕۆژانەتان دادەنێت یان بەر بە خەوێکی باشی شەوانەتان دەگرێت، فیزیۆتراپیست یان پزیشکە گشتییەکەتان ببینن.
دەسنیشانکردنی ئێشی سەرووی پشت
دوکتورەکەتان لەبارەی نیشانەکانتانەوە پرسیارتان لێدەکات و پشکنینتان بۆ دەکات. لەوانەیە دوای ئەوە بتوانن دەسنیشان بکەن یان هۆکاری ئێشی پشتتان ڕوون بکەنەوە یان لەوانەیە پێویستیان بەوە بێت کە بتاننێرن بۆ هەندێک تاقیکردنەوە. ئێشی سەرووی پشت زۆربەی کات بەهۆی کێشرانی ماسوولکەوەیە بەڵام هەندێ جار لەوانەیە هۆکارێکی جددیتر لەئارادا بێت. نیشانەگەلێکی دیاریکراو هەن کە دوکتورەکەتان بە گەڕان بەدوایاندا ئەم شتە نیشان دەدەن. ئەوان بەمانە ئێژن ئاڵای سوور و بریتین لە:
- برینێکی ئەم دوایییانە لە پشتتان وەک ڕووداوێکی ماشین یان کەوتنێک
- ئێشی پشت بەهۆی زەبرێکی بچووک یان بەرزکردنەوەی شتێکی قورس- بەتایبەت ئەگەر ئێوە تووشبووی پووکانەوەی ئێسک بن
- ئەگەر شێرپەنجەتان بێت یان دەزگای پاراستنی لەشتان لاواز بووبێت
- نیشانەکانی تر وەک یاو، دابەزینی ناڕوونی کێش یان لەرز
- چڵککردنی باکتریایی بەم دوایییانە
- ئەگەر تەمەنتان لە 20 کەمتر یان لە 50 زیاترە
دوکتورەکەتان لەبارەی ئێشەکەوە پرسیار دەکات بۆ ئەوەی بزانێت چەندە دژوارە و چ شتێک لەوانەیە هۆکاری بێت. لەوانەیە بە مانای ئاڵایەکی سوور بێت ئەگەر:
- سەرەڕای گۆڕینی باری دانیشتن و پشوودان، نیشانەکان باشتر نەبووبن
- سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر بۆ زیاتر لە دوو حەوتوو هێشتا ئێشتان بێت
- ئێشێکتان هەیە کە بەوەی دانانێن کە بەهۆی پێچخواردن و کێشران بێت لە سەرووی پشتتاندا
- بەیانیان لەشتان زۆر دادەگیرێت
- بەردەوام ئێشتان هەیە و تا دەڕوات خراپتر دەبێت
دوکتورەکەتان لەوانیە لێتان بپرسێت کە ئایا هیچ لاوازییەک لە ڕانەکانتاندا یان کێشەی وەک بێئەختیاری لە میزڵدان و ڕیخۆڵەتاندا هەیە. ئەمە لەوانەیە ئاماژەیەک بێت بۆ گوشار لەسەر دەمارەکان یان مۆخی بڕبڕەتان کە دەتوانێت بەهۆی دیسکێکی خزاو یان برینێکەوە بێت.
ئەگەر ئێوە نەخۆشینێکی ترتان هەیە کە کاریگەری لەسەر سییەکان، سوورێنە، گەدە، پانکریاس، جەرگ یان کیسەی زراو دادەنێت، لەوانەیە ئێشی گەڕاوەتان بێت. ئەمە کاتێکە کە کێشەیەک لە شوێنێکی تردا دەبێتە هۆی ئێش لە سەرووی پشتدا.
بەپێی نیشانەکان، تاقیکردنەوە و ڕابردووی پزیشکیتان، دوکتورەکەتان لەوانەیە بتاننێرێت بۆ تاقیکردنەوەی زیاتر. لەوانەیە ئەمانە لەخۆ بگرێت: تاقیکردنەوەکانی خوێن، تیشکی ئێکس و پشکنینێکی MRI (تاقیکردنەوەیەک کە مەگناتیس و شەپۆلی ڕادیۆیی بەکار دێنێت بۆ بەرهەمهێنانی وێنە لە ناو جەستەی ئێوە). ئێوە هەروەها لەوانەیە پشکنینێکی DEXAشتان هەبێت کە نیشانی دەدات ئێسکەکانتان چەندە بەهێزن.
چارەسەرکردنی ئێشی سەرووی پشت
ئەگەر ئێشی سەرووی پشتتان هەیە، ئەگەری زۆرە کە خۆبەخۆ بە بێ دەرمانکردن باش ببێت. ئەگەر بەهۆی شتێکی جددییەوە نەبێت، لە ماوەی چەند حەوتوویەکی کەمدا ئەگەری هەیە چاک ببێت.
ئێوە دەتوانن هەندێک ڕێوشوێنی خۆیارمەتی بگرنە بەر وەک باشترکردنی باری لەشتان یان دانانی بەستەی سەهۆڵ یان بەستەی گەرما لەسەر ئەو شوێنەی وا ژانی هەیە. حەتمەن خاولییەک لە دەوری بئاڵێنن و ڕاستەوخۆ مەیخەنە لەسەر پێستتان. هەروەها دەتوانن وەک هێورکەرەوەی ئێش ئازارشکێنە بێڕاچێتەکان وەک ئیبوپرۆفن و پاراسیتامۆڵ بۆ ئێشی سەرووی پشتتان بخۆن. بۆ ڕاوێژ پرس بە دەرمانسازەکەتان بکەن.
ئەگەر ئێشەکە بەهۆی نەخۆشینێکی دیاریکراوەوەیە، چارەسەرەکەتان بەپێی ئەو نەخۆشینە ژێرینە کە دەبێتە هۆی ئێشەکە، دەگۆڕرێت.
چارەسەرەکان لەوانەیە بریتی بێت لە دەرمان، فیزیۆتراپی، دەرزی و چارەسەرە دەستییەکان.
پێشگیری لە ئێشی سەرووی پشت
ئەم خاڵانەی خوارەوە لەوانەیە بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی ئێشی سەرووی پشت سوودبەخش بێت بۆتان.
- بە چەماندنەوەی ئەژنۆکان نەک لە پشتتانەوە بە بێمەترسی و بەدرووستی شتەکان بەرز کەنەوە
- کاتی دانیشتن دڵنیا ببنەوە کە بە باشی پاڵتان داوەتەوە
- ئەگەر بەدەم ئێشی پشتەوە هەڵدەستنەوە، ڕاخەرێکی نەرمتر کە لەگەل پشتتان ڕێک بێتەوە و چەمیوی و چاڵە جۆراوجۆرەکانی پشتتان بگرێت، دەتوانێ بەسوود بێت
- لە کاتی دانیشتنی درێژماوە و ئەنجامدانی ئەرکی دووپاتەدا پشووی ڕێکوپێک وەربگرن
- مەشقی باری لەشی باش بکەن- ئەو بەشەی ئێمە لەسەر هۆکارەکانی ئێشی پشت ببینن
- بە ڕێکوپێکی ڕاهێنان بکەن- پرسیارە هەزاربارەکانی ئێمە لەسەر چەند ڕاهێنانێکی تایبەت بۆ هێزی سەرووی پشت ببینن
- بۆ هەر وەرزشێک کە پێوەی خەریکن تێکنیکە باشەکان فێر بن و مەشقیان بکەن
- هەر چالاکییەک کە دەزانن دەبێتە هۆی ئێشی پشتتان ڕای بگرن.
- جگەرەکێشان ڕاگرن- جگەرە دەتوانێت لەناوچوونی دیسکەکانی نێوان مۆرەکان کە وەک وەرگری تەکان کاردەکەن، خێرا بکات
- ئەگەر کێشی زیادەتان هەیە، کەمکردنەوەی کێش دەتوانێت لە کەمکردنەوەی مەترسیی ئێشی پشتدا یارمەتیدەر بێت