بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI)
بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI) چییە؟
بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI) ئێش و ئازارێکە لە جەستەتاندا کە لە کاتی هەندێک چالاکیی دیاریکراودا (لەوانە کار) بەهۆی جووڵەی دووبارەوەبوو یان باری لەشی خراپ ڕوودەدات. هەروەها بەرکەوتنی زیادەبەکارهێنانی پێشەیی و سێندرۆمی زیادەبەکارهێنانیشی پێ دەوترێت. RSI زۆرتر کار لە مەچەکەکان و دەستەکان دەکات.
چۆن تووشی بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI) دەبیت؟
لەڕێی پانتایییەکی بەرین لە پیشە و چالاکییەکانەوە لەوانەیە تووشی RSI ببیت. ئەگەر بەردەوام کۆمپیتەر بەکار دێنیت یان ئەگەر پیشەکەت جووڵە دووبارەوەبووەکان لەخۆ بگرێت، لەوانەیە تووشی RSI ببیت. RSI هەروەها لەوانەیە پەیوەندی بە هەندێ سەرگەرمی وەک نیگارکێشی و هەندێک وەرزش وەک تێنیس و گۆڵفەوە بێت. ئەگەر دەزانی تووشی RSI بوویت گرنگە کە پشتگوێی نەخەیت.
هۆکارەکانی بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI)
RSI لەوانەیە چەندین هۆکاری بێت کە بریتین لە:
- ئەنجامدانی چالاکیی دووبارەوەبوو
- ئەنجامدانی چالاکییەک کە بەرزکردنەوە و هەڵگرتنی شتە قورسەکان لەخۆ بگرێت
- ئەنجامدانی چالاکییەک بۆ ماوەیەکی درێژ بە بێ وەرگرتنی پشووی پێویست
- باری لەشی خراپ بۆ کارکردن لە شوێنکارێکی خراپ دیزاینکراودا
- ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە کارکردن لە بارێکی (پۆزیشن) نەگونجاو و ماندووکەر لەخۆ دەگرن
- کارکردن بە ئامێری تەکەتەککەر
ئەگەر جۆری ئەو کارەی کە دەیکەن مەترسییەکانی تووشبوونی RSI زۆرتر دەکەن، دەتوانن بۆ پێشگرتن لە نیشانەکان چەند هەنگاوێک هەڵبگرن. لەم بارەوە لەگەل خاوەنکارەکەتان قسە بکەن.
نیشانەکانی بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI)
RSI لەوانەیە ببێتە هۆی پانتایییەکی بەربڵاو لە نیشانەکان وەک ئێش و هەستیاربوونەوەی ماسوولکەکان و جومگەکان. نیشانە باوەکانی تری RSI ئەمانەن:
- ژان
- توندبوونەوە
- کزەکز
- سڕبوون
- لاوازی
- جەمامی
سەرەڕای ئەوەی کە جەستەتان ئێشی هەیە، بەڵام لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی جەستەیی وەک ماسینتان نەبێت. ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن لەوانەیە ئێشەکە خراپتر ببێت. لەوانەیە وەها ئێشەکە زۆر بهێنێت کە نەتوانن کار یان چالاکییە ئاسایییەکان بکەن. ئەگەر کاتێ کە پشوو دەدەن نیشانەکانتان باشتر دەبن، جێی خۆیەتی کە بیر لە گۆڕینی چالاکییەکانتان یان ڕاستکردنەوەی شوێنی کارەکەتان بکەنەوە. بۆ ڕێنوێنی لەگەڵ خاوەنکارەکەتان یان ڕاوێژکاری تەندروستیی پیشەکەتان قسە بکەن. ئەگەر سەرەڕای ڕەچاوکردنی گۆڕانکاری لە کار و چالاکییەکانتاندا دیسان نیشانەکانی RSI هەر درێژەی هەیە، بینینێک بۆ لای پزیشکە گشتییەکەتان ڕێکبخەن.
دەسنیشانکردنی بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI)
RSI بە ئاسانی دەسنیشان ناکرێت چونکە هیچ تاقیکردنەوەیەکی تایبەت بۆ ئەم کارە بوونی نییە. ئەگەر بە نیشانەکانی RSIتان لەگەل بێت و پزیشکە گشتییەکەتان ببینن، دەپرسن بۆ نیشانەکان و پشکنینتان بۆ دەکەن. ئەوان هەروەها لەوانەیە لەبارەی ڕابردووی پزیشکی و جۆری کارەکەتانەوە کە دەیکەن، پرسیار بکەن. ئەگەر هەست دەکەن هەندێ چالاکیی دیاریکراو هەن کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەکان یان خراپتریان دەکەن، بە پزیشکە گشتییەکەتان بێژن.
پزیشکە گشتییەکەتان لەوانەیە هەندێک تاقیکردنەوەتان بۆ پێشنیار بکات. ئەم کارانە بۆ ئەوەیە بزانن کە ئایا بارودۆخێکی تەندروستیی ژێرین هەیە کە ببێتە دەرکەتنی نیشانەکان. ئەمە لەوانەیە بۆ نموونە تاقیکردنەوەکانی خوێن و توێژینەوەکانی گەیاندنی دەماری لەخۆ بگرێت.
خۆیارمەتی بۆ بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI)
کەمکردنەوەی چالاکی
لەوانەیە ئەگەر پشوو بە شوێنە بەرکەوتووەکانی جەستەت بدەیت هەست بکەیت کە نیشانەکانی RSI باشتر دەبن. هەوڵ بدە پشوویەکی تەواو لەو کارانە وەربگرە کە دەزانی دەبێتە هۆی دەسپێکردنی نیشانەکان، جا دواتر وردەوردە کاتێک نیشانەکان اچوون دەسیان پێبکەوە. ئەگەر ئەمەتان بۆ جێبەجێ نابێت، لەوانەیە کەمکردنەوەی بڕی ئەو کاتەی کە لەسەر ئەم چالاکییانە دای دەنێن، یارمەتیدەر بێت. بە مەبەستی کێشان و بەهێزڕاگرتنی ماسوولکەکان، بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی ئێش، بەردەوام بەشە بەرکەوتووەکانی جەستەتان بجووڵێنن.
گۆڕانکاری لە کاردا
ئەگەر نیشانەکانتان پەیوەندییان بە کارەکەتانەوە بێت، یەکەم هەنگاو دەبێ قسەکردن لەگەل بەڕێوەبەر یان چاودێرەکەتاندا بێت. خاوەنی کارەکەتان لەوانەیە بۆ یارمەتی و ڕاوێژ ئێوە بە چارەسەرکەرێکی پیشەیی یان ڕاوێژکارێکی تەندروستیی پیشەیی بناسێنێت. بە ڕوانین و سەرنجدانی شوێنی کارەکاتان و چۆنیەتیی کارکردنتان، لەوانەیە بۆتان دەرکەوێت کە چ چالاکییەک دەبێتە هۆی کێشەکە. ئەگەر دەتوانن درێژە بە کارەکەتان بدەن، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاتەی لەسەر ئەم چالاکییە دای دەنێن، چەند هەنگاوێک هەڵگرن. ئەگەر ناتوانن ئەو چالاکییە کە دەبێتە هۆی کێشەکە ڕابگرن یان کەمی بکەنەوە، بۆ کێشان و جووڵاندنی باسکەکان و دەستەکانتان پشووی کورتی ڕێکوپێک وەرگرن. هەروەها دەتوانن بۆ ئەنجامدانی ئەرکە جیاوازەکان کاتەکەی خۆتان دابەش بکەن بە شێوازێک کە بۆ ماوەیەکی درێژ خەریکی یەک کاری یەکسان نەبن. ئەگەر بە کۆپیتەر کار دەکەن، لەوانەیە بۆ هێورکردنەوەی ئێش بتوانن مشکۆڵە یان تەختەکلیلەکە بگۆڕن. دەتوانن ئەو جۆرانە کە بەتایبەتی دیزاین کراون بسێنن بۆ ئەوەی جموجووڵەکانتان تا دەکرێت سروشتی بێت. بەڵگەی جێمتمانەی بەهێز بەدەستەوە نییە کە بیسەلمێنێت ئەم شتانە کاری خۆیان بکەن بەڵام هەندێ کەس بە سوودبەخشیان دەزانن.
سەرما و گەرما
لەوانەیە پێی بزانن کە ئەگەر بەستەی سارد لەسەر بەشە بەرکەوتووەکانی جەستەتان دابنێن، بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئاوسان یارمەتیدەر دەبێت. کاتێک نیشانەکانتان گڕتان تێ بەردەدات بەستەیەکی سەهۆڵ یان سەهۆڵی پێچراو لە خاولییەکەوە لەسەر شوێنەکە دانێن. هەر جارێک بەستە ساردەکە یان سەهۆڵەکە بۆ 20 خولەک بەکار بهێنن. ڕاستەوخۆ سەهۆڵ مەخەنە سەر پێستتان چونکە لەوانەیە سەهۆڵەکە خەسار لە پێستتان بدات. ئەگەر سەهۆڵ کەڵکی نییە بۆتان، لە جێی دەتوانن چارەسەری گەرم بەکار بهێنن. بە نەرمونیانی بەستەیەکی گەرما یان بوتڵێک ئاوی گەرم لەسەر شوێنە بەرکەوتووەکەی جەستەتان ڕاگرن. شێوازێکی تر ئەوەیە کە شٶرگەیەکی ئاوگەرم تاقی بکەنەوە.
ئازارشکێنەکان
ئازارشکێنە بێڕاچێتەکان وەک دەرمانە دژەئاوسانە ناستێروێدییەکان(NSAIDs) و پاراسیتامۆڵ لەوانەیە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان یارمەتیدەر بن. دەتوانن ئەم ئازارشکێنانە لە دەرمانخانە و سووپێرمارکێتەکان بسێنن بەڵام بە بێ ڕاوێژی پزیشکە گشتییەکەتان بە بەردەوامی مەیانخۆن. خواردنی بەردەوامی ئازارشکێنەکان لەوانەیە ئێشەکە ڕاگرێت بەڵام لەوانەیە بە بێ ئەوەی پێی بزانن ئەو چالاکییانە ئەنجام بدەن کە دەبێتە هۆی نیشانەکان. ئەمە لە درێژخایەندا بارودۆخەکەتان قورستر دەکات.
چارەسەری بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI)
فیزیۆتراپی
ئەگەر پێوەرە خۆیارمەتییەکان و هەر گۆڕانکارییەک کە لە کاردا دەیکەن بۆ باشترکردنی نیشانەکانتان سوودی نییە، لەوانەیە پێویستتان بە بینینی فیزیۆتراپیستێک بێت. ئەوان پێتان نیشان دەدەن کە چۆن پشوو بە لەشتان بدەن کە ئێشەکەتان کەم ببێتەوە. ئەوان هەروەها بە ڕاهێنانی بێمەترسیی نەرمونیان بۆ کێشان و بەهێزکردنی هەر ماسوولکەیەکی بەرکەوتوو و دانیشتن یان کار کردن لە بارێکی باشی لەشدا، یارمەتیتان دەدەن.
دەرزییەکانی ستێروێد
ئەگەر چارەسەرەکانی تر کااریگەرییان نەبوو یان لە ماسوولکەبەندێکی تایبەتدا ئاوسانتان بوو، پزیشکە گشتییەکەتان لەوانەیە پێشنیاری دەرزیی کۆرتیکۆستێروێد بکات بۆتان.
نەشتەرگەری بۆ RSI
ئەگەر پزیشکە گشتییەکەتان گومانی ئەوەی هەبێت کە نیشانەکانتان بەهۆی دۆخێکی تەندروستیی تایبەتەوەیە وەک سێندرۆمی تۆنێلی ئێسکی مەچەک، لەوانەیە بتاننێرێت بۆ لای نەشتەرگەرێک کە شارەزای ئەم بەشەیە.
پێشگیری لە بەرکەوتنی گوشاری دووبارەوەبوو (RSI)
بۆ پێشگرتن لە RSI هەوڵ بدەن کە کردە دووبارەوەبووەکانتان بەرتەسک بکەنەوە بەتایبەت ئەگەر ئەم کردانە بەکارهێنانی ئامێری قورس و تەکەتەک لەخۆ دەگرێت. ئێوە هەروەها پێویستتان بەوەیە کە باری لەشتان بۆ کارکردن و هەروەها شوێنی کارەکەتان باشتر بکەن و پشووی کورتی ڕێکوپێک وەربگرن. ئەرکی یاسایی خاوەنکارەەکانە کە پێش بە SRI پەیوەندیدار بە کار بگرن و نەهێڵن ئەو SRIیەی ئێستا هەیە خراپتر ببێت. ئەمە دەکەوێتە ژێریاسای تەندروستی و سەلامەتی لە کار و هتد ساڵی 1974 و یاساکانی بەڕێوەبردنی تەندروستی و سەلامەتی لە کار ساڵی1999.
ئەگەر لە کاردا کۆمپیتەر بەکار دەهێنن لە لایەن یاساکانی تەندروستی و سەلامەتیی (ئامێرەکانی شاشەی نیشاندان) 1992وەوە پارێزراون. ئەگەر هەندێک کردە ڕەچاو نەکەن، لەوانەیە RSIی ئێوە ئەوەندە قورس بێت کە چیدی نەتوانن بە باشی کارەکەتان بکەن. زۆربەی بەرکەوتنەکان بەهۆی باری خراپی لەش، کارکردن بە شێوەیەکی نائاسایی و ناڕەحەت یان کارکردن بە ئامێری قورس ڕوو دەدەن. خاوەنی کارەکەتان دەبێ بە ڕوانین بۆ چۆنیەتیی کارکردنتان و گەڕان بۆ ئەو کێشانەی کە لەوانەیە سەرهەڵبدەن، هەڵسەنگاندنێک بۆ مەترسییەکان بکات. دواتر لەوانەیە پێویستیان بێت کە:
- بە هەر ڕادەیەک کە قابیلی جێبەجێکردنە دەبێ شێواز و بارودۆخی کارەکەتان بگۆڕن
- ئامێری باش دابین بکەن بەجۆرێک کە ئێوە بە بێمەترسی بتوانن کارەکەتان بکەن
هانتان بدەن کە پشووی ڕێکوپێک وەربگرن و لە کاتی خۆیدا کارەکەتان جێبهێڵن