Overgewicht Iraaks

کێشی زیادە

قەڵەوی چییە؟
کێشی زیادە یان قەڵەوی (کێشی زیادەی لەڕادەبەدەر) کاتێک ڕوودەدات کە لە درێژخایەندا بڕی ئەو وزەیەی کە کەسێک لەڕێی خواردن و خواردنەوەوە وەری دەگرێت لەوەی کە جەستە دەیسووتێنێت زۆرترە. کێشی زیادە یان قەڵەوی کۆبوونەوەی چەوریی زیادە لە جەستەدا لەخۆ دەگرێت کە لە کۆتاییدا لەوانەیە کێشەگەلی تەندروستی لێبکەوێتەوە.

قەڵەوی چۆن سەرهەڵدەدات؟
چەندین هۆکار هەن کە دەتوانن ببنە هۆی پەرەسەندنی قەڵەوی و دژواری لە دابەزاندنی کێشدا. ئەمانە بریتین لە شوێنی زێدەکەری قەڵەوی، هۆکارە تاکەکەسییەکان و کاریگەرییە بۆماوەیییەکان.

کاتێک خواردنی وزەبەخش لە هەموو شوێنێک و لە درێژەی ڕۆژدا بەردەستە، ئیشتیاش بۆ ئەوەی زۆر و لەسەریەک بخۆین و بخۆینەوە، زۆرە. هەروەها پێویستیی ڕاهێنانیش کەمترە چون گواستنەوەی گشتی بەردەستە.

هۆکارەکانی قەڵەوی:
هەر کەسێک بە هۆکارگەلی جیاواز کیشی زیاد دەکات وەکوو خواردن و خواردنەوەی فرە زۆر (ناتەندروست):

  • خواردنی بەشە خۆراکی زۆر گەورە.
  • خواردنی خۆراک و/یا ژەمگەلی فرە زۆر بە چریی وزەی زۆرەوە.
  • سووکەژەمگەلی ئێجگار زۆر
  • خواردنەوەی یەکجار زۆری خواردنەوە شەکرییەکەن وەک خواردنەوە بێئەلکۆڵەکان و ئاومیوە
  • خواردنەوەی یەکجار زۆری ئەلکۆڵ. خواردنەوە ئەلکۆڵییەکان جالۆری زۆریان تێدایە. کەوابوو ئەلکۆڵی فرە زۆر دەتوانی قەڵەوی بەدوادا بێت.
  • خواردن لە کاتێکدا کە هۆشتان لای خۆتان نییە (وەک تەماشاکردنی تەلەفزوێن لە کاتی خوارندا) لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە لەوەی کە جەستەتان پێویستی پێیەتی زیاتر بخۆن.
  • ڕاهێنان و وەرزشی کەمتر بۆ نموونە بەهۆی نەخۆشین، برینداربوون یان نەبوونی کات.
  • گۆڕانەکانی شێوەی ژیان بەهۆی پێکەوەژیان، بوونی منداڵ، بێکاری یان خانەنشینی.
  • تەرککردنی جگەرە. بەم حاڵەشەوە، ڕاگرتنی جگەرەکێشان بۆ تەندروستیتان زۆر گرنگە، بۆیە ئەگەر پێویست بێت پێشنیارمان ئەوەیە کە پاش ڕاگرتنی جگەرەکێشان، دەس بکەن بە دابەزاندنی کێش. پزیشکێکی گشتی دەتوانێت بتاننێرێت بۆ خولێکی تەرککردنی جگەرە.
  • پاش دووگیانی لەوانەیە ئەستەم بێت کە بگەڕێنەوە بۆ ئەو کێشەی پێش دووگیانی تێیدا بوون، بەتایبەت ئەگەر ئەگەر زیاتر لە ڕادەی شیاو کێشتان زیاد بکات.
  • هەندێ جۆری تایبەتی دەرمان هەن کە دەتوانن ببنە هۆی زێدەبوونی کێش.
  • کێشەگەلی دەروونی وەک ئەزموونگەلی بیرلێنەکراوە و کۆستە دەروونییەکان دەتوانن ببنە هۆی زۆرخواردن. جیا لەمەش، وادیارە پەیوەندییەک لە نێوان خەمۆکی/نیشانەکانی خەمۆکی و قەڵەویدا هەیە.

کاریگەریی بۆماوەیی

کێش بەشێکی بە ئامادەیی لە بنەماڵەدا دیاری دەبێت. ئەو کەسانەی کە بۆ قەڵەوی ئامادەیییان تێدایە ئەگەر زۆر بخۆن و کەمتر ڕاهێنان بکەن، ئاسانتر کێشیان بەرز دەبێتەوە. هەروەها لەوانەیە دژوارتر بێت بۆیان کە کێشیان دابەزێنن.

ڕۆڵی خەو و سترێس لە قەڵەویدا

لە نێو شتەکانی تردا، نەبوونی خەو لەوانەیە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە بێت چونکە نەبوون یان کەمیی خەو لەسەر وەرگرتنی وزە و دواتر قەڵەوی کاریگەری دادەنێت. سترێسی درێژخایەن (سترێسی کرۆنیک) لەڕێگای کۆبوونەوەی چەوریی زیادە لە زگدا و گۆڕینی تەرجیحەکانی خواردن و لەبەر ئەوەی کە سترێس دەبێتە هۆی جووڵەی جەستەییی کەمتر، لەوانەیە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە ببێت. لە بەرانبەردا کێشی زیادە و قەڵەویش دەبنە هۆی سترێسی جەستەیی و دەروونی.

کەی کێشی زیادەتان هەیە؟

بیئێمئای پێوەرێکی کێشە بە نیسبەتی باڵا. بیئێمئای بە دابەشکردنی کێش بە کیلۆگرام لەسەر تەوان دووی باڵا بە میتر حەساب دەکرێت. وای دابنێن ئێوە کێشتا 80 کیلۆیە و باڵاتان 1.70 میترە. بەم شێوە بیئێمئای ئێوە دەکاتە 80/(1.70*1.70)=27.7
(80/(1.70x1.70) = 27.7).

سنوورگەلی جیاواز بۆ کێشی زیادە بەکار دەهێنرێت:

  • منداڵان، 18-2: بە بەراورد لەگەل گەورەساڵان، سنوورگەلی جیاواز بۆ کێشی زیادە و قەڵەویی منداڵان بەکار دەبرێت. منداڵان لە حاڵی گەورەبووندان و بەم پێیە باڵا، کیش و بیئێمئای بەسراونەتەوە بە تەمەنەوە. ڕادەگەلی نەتەوەییی خاڵی دابڕان بۆ کوڕان و کچان بۆ دەستەگەلی تەمەنیی 2 تا 18 ساڵ دانراوە.
  • گەورەساڵان، 19 تا 70 ساڵ: کێشی زیادە بە بیئێمئای 29.9-25 پێناسە کراوە و قەڵەو وەک بیئێمئایەکی 30 یان سەرووتر. هەندێ حاڵەتی ئاوارتەش بوونی هەیە:
      • خەڵکانی بەڕەچەڵەک ئاسیایی (باشووری ئاسیا، ئەندوونیزیا، چین و ژاپۆن) بە بیئێمئایەکی هاوشێوەوە تۆپەڵە چەوریی زۆرتریان هەیە. ئەم دۆخە هەروەها بۆ خەڵکی سوورینام و ئانتیل بە پێشینەی ئاسیایییەوە هەر ڕاستە. بەم هۆکارەیە کە بیئێمئای 25 بۆ ئەوان وەک کێشی زیادە و 27.5 وەک قەڵەو دێتە ئەژمار.
      • ئەگەر ئێوە کۆتاباڵا یان باڵابەرز بن، بیئێمئای وەها دەردەکەوێت کە جێمتمانە نەبێت.
      • ئەگەر ئێوە دووگیان بن یان شیر بدەن، بیئێمئای پێوەرێکی جێمتمانە نییە.
  • خەڵكانی بەتەمەنی 70 ساڵان و بەرەوژوور: بیئێمئایەکی زیاتر لە 28 واتە کێشی زیادە.

گرنگیی درێژاییی دەوری کەمەر لە دیاریکردنی مەترسییە تەندروستییەکاندا

خاڵی لاوازی بیئێمئای ئەوەیە کە بڵاوبوونەوەی چەوری لە جەستەدا ناهێنێتە ئەژمار. کەوابوو، درێژاییی دەوری کەمەر پێوەرێکی زیادەی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسیی تەندروستی.

جیا لە بیئێمئای، درێژاییی دەوری کەمەر وەک پێوەرێک بۆ بڵاوبوونەوەی چەوری بەکار دێت. چەوری ناو و دەوری زگ بۆ تەندروستیی یەکلاکەرەوەیە. ئایا ئێوە کێشی زیادەتان هەیە بەڵام درێژاییی دەوری کەمەرتان تەندروستە؟ کەوایە ئێمە پێشنیارمان ئەوەیە کە بەس بۆ دڵنیایی بینینێک لەگەل پزیشک ساز بدەن بۆ تاوتوێ­کردنی مەترسیی نەخۆشی.

درێژایی دەوری کەمەری پیاوان درێژایی دەوری کەمەری ژنان
زیادە درێژاییی بازنەیی لە نێوان 94 و 102 سانت درێژاییی بازنەیی لە نێوان 80 و 88 سانت
زۆر بەرز درێژاییی بازنەیی زیاتر لە 102 سانت درێژاییی بازنەیی زیاتر لە 88 سانت

منداڵان، گەورەساڵانی 70 ساڵان و سەرتر و ئێتنیسیتی (ڕەگەزێتی)

لە منداڵاندا، درێژاییی دەوری کەمەر تەنیا بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی هەر دەرمانێک بەکار دێت. بۆ گەورەساڵانی 70 ساڵان و پیرتر، بەڵگە هەیە کە ستانداردی خاڵەکانی دابڕان بۆ درێژایی دەوری کەمەر زۆر لە خوارەوەن و دەبێ بە پارێزەوە لێکبدرێنەوە. هاودەنگییەکی کەم لەسەر هەندێک خاڵی دابڕانی تایبەت لە بەساڵاچوواندا هەیە. هەروەک بیئێمئای، بەڵگەی نزمتربوونی خاڵەکانی دابڕان بۆ خەڵکانی بە ڕەچەڵەکی باشووری ئاسیا، چین و ژاپۆنەوە لە بەردەستدایە. بۆ ئەم کەسانە درێژایی دەوری کەمەری زیاتر لە 90 سانت بۆ پیاوان یەکجار بە زۆر دەزانرێت، بۆ ژنان ئەمە لە سەرووی 80 سانتە.

مەترسییە تەندروستییەکانی کێشی زیادە چین؟

بوونی کێشی زیادە مەترسیی دۆخگەلێک وەک ئەمانە زۆرتر دەکات:

  • نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2
  • زەختی خوێنی سەرەوە و نەخۆشییەکانی سەربە دڵ و ڕەگەکانی خوێن
  • سێندرۆمی مێتابولیزم
  • جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە
  • بەردی زراودان
  • سووتانەوە و سوانی جومگە
  • کێشەکانی هەناسەدان
  • شپرزیی سووڕی مانگانە
  • کێشەکانی زایایی
  • کێشە دەروونییەکان
  • لە بەساڵاچوواندا: ئەگەری زۆر بۆ لێکەوتنەوەی گەڕۆکیی کەمتر و سنوورداربوونەکان لە کارکردی ڕۆژانەدا

خەڵکانێک کە کێشی زیادەیان هەیە بە بەراورد لەگەل کەسانێک بە کێشی تەندروستەوە، مەترسیگەلی تەندروستیی زیاتریان هەیە. تا قەڵەوی جددیتر بێت، کێشەکانی تەندروستی جددی و جددیتر دەبن. کەسانێک بە چەورییەکی زۆرەی زگەوە، مەترسیی تەندروستیی بانتری زیادەیان لەسەر. هەروەها بەڵگەگەلێک هەن کە نیشان دەدەن کە هەرچی بۆ ماوەیەکی زیاتر کێشی زیادەتان بێت، بۆ نموونە مەترسیی نەخۆشییەکانی سەر بە دڵ و ڕەگەکانی خوێن و نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2 زۆرتر دەبێت.

چارەسەرکردنی قەڵەوی

چۆن پێشگیری لە قەڵەوی دەکەیت؟

خواردنی تەندروست و ڕاهێنان بەڕادەی پێویست ڕٶڵێکی بەرچاویان لە پێشگرتن لە کێشی زیادە و ڕاگرتنی کێشی تەندروستدا هەیە. بۆ ئەو کەسانەی کە کێشی خۆیان دابەزاندووە و دەیانەوێت کێشی خۆیان ڕابگرن، پێشنیار ئەوەیە کە ڕۆژانە لانیکەم 60 خولەک ڕا‌هێنانی لەسەرخۆ یان بەگوڕ ئەنجام بدەن. کەسێک کە کێشی دابەزاندووە دەبێ هاوسەنگییەکی نوێ بدۆزێتەوە کە کێشی لەجێی خۆی ڕاگرێت و ڕاهێنانی زیادەش بکات. وە ئەم شێوە بۆ باقی ژیانی درێژە پێبدات.

کێشی زیادە (بیئێمئای 29.9-25) بەبێ کێشەگەلی تەندروستیی سەربارەوە

گەورەساڵانی 69-19 ساڵان کە بە بێ کێشەگەلی تەندروستیی سەربار (وەک زەختی خوێنی لەسەرەوە، جۆلێسترۆلی سەر و (پێش)نەخۆشینی شەکرە)، نەختێک کێشی زیادەیان هەیە، دەتوانن هەوڵ بدەن کە کێشی خۆیان دابەزێنن و ئەو کێشە نزمترەی وا پێی گەیشتوون، ڕایبگرن. کێشەگەلی تەندروستیی کێشی زیادە دەکرێت بە دابەزاندنی 5 تا 10 %ی کێش، کەم بکرێنەوە.

بنەمای دابەزاندنی تەندروستی کێش، کەمخۆری بە شێوەیەکی تەندروست تێکەڵ بە ڕاهێنانی زیاترە. ئەگەر ئەم کارە کەڵکی نەبێت یان لە ئەگەری گەڕانەوەدا، پێشنیارمان ئەوەیە لەبارەی باشترین ڕوانگە لەگەل پزیشکە گشتیییەکەتاندا ڕاوێژ بکەن.

کێشی زیادە (بیئێمئای 9. 29-25) لەگەل کێشەگەلی تەندروستیی سەربار و قەڵەوی (30≥ بیئێمئای)

گەورەساڵانی نێوان تەمەنەکانی 19 و 69 کە کێشی زیادەیان بەتێکەڵ لەگەل درێژاییی دەوری کەمەری زۆر، کۆلێسترۆلی بان، زەختی خوێنی زۆر، (پێش)نەخۆشینی شەکرە، نەخۆشیی سەر بە دڵ و ڕەگەکانی خوێن، بێهەناسەییی خەو و/یان ئاوسانی ئێسک و جومگە هەیە، پێشنیاریان پێدەکرێت کە خۆیان کێشێ خۆیان دانەبەزێنن و بەڵکوو لەگەل پزیشکە گشتییەکەیاندا ڕاوێژ بکەن. هەر ئەم شتە بۆ کەسانی قەڵەو (30≥ بیئێمئای) پێشنیار دەکرێت، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تووشی کێشەگەلی تەندروستیی سەربار بن یان نا. لە ڕاوێژ لەگەل پزیشکی گشتیدا، هۆکارە ڕێتێچووەکان و هەنگاوەکانی دواتر ڕێکەوتنیان لەسەر دەکرێت.

دەرمان و نەشتەرگەری

بەکارهێنانی دەرمان هەمیشە بە ڕاوێژ لەگەل ئەو پزیشکە دەبێت کە لە ناو پرۆسەی چارەسەرکردندا دەخیلە و بۆ مەبەستی پاڵپشتیی دەرمانەکە دەبێت. نەشتەرگەری لە دەرمانی قەڵەویدا دوایەمین هەنگاوە. پێش ئەوەی نەشتەرگەری بکرێت، هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ شیاوبوونی نەخۆشەکە بۆ نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت.

کیشی زیادە لە منداڵانی 18-2 ساڵدا

کاتێک کە منداڵێک کێشی زیادەی هەیە یان قەڵەوە، گرنگە کە بۆخۆی دەس نەکات بە دابەزاندنی کێش. هەرچی بێت، منداڵەکان لە حاڵی گەورەبوون و گەشەسەندندان کە وزە و مادەی خۆراکیی پێویستی دەوێت. کەوابوو چارەسەرکردنی کێشی زیادەی منداڵان دەبێ هەمیشە کە لایەن پزیشکی بنەماڵە، ناوەندی چاودێری تەندروستیی منداڵ یان دوکتوری قوتابخانەوە ئانجام بدرێت کە دەتوانن یارمەتی دروستی پێ بناسێنن.

قەڵەوی لە بەساڵاچووانی 70 ساڵ و بەرەوژووردا

کەسانی بەتەمەنی 70 ساڵان و پیرتر تەنیا لە دۆخێکدا پێنیاردی دابەزاندنی کێشیان بۆ دەکرێت کە بیئێمئای 30 یان سەرتریان بێت یان دابەزاندنی کێش بتوانێت بۆ کەمکردنەوەی کێشە تەندروستییەکانیان یارمەتیدەر بێت. هەرچی بێت دابەزینی کێش هاوکاتە لەگەل کەمبوونەوەی تۆپەڵەی ماسوولکە. بە کەمبوونەوەی تۆپەڵەی ماسوولکە، هێزی ماسوولکەش لەدەست دەچێت. ئەمە دەتوانێت جموجووڵ دژوارتر بکاتەوە و مەترسیی کەوتن زیاتر بکات. ئەمە گرنگە کە کەسانی 70 ساڵان و سەرەوەتر بۆ دابەزاندنی کێش لە پزیشکە گشتییەکەیانەوە ڕێنوێنیی دروست وەربگرن. پزیشکە گشتییەکە دەتوانێت تاوتوێی ئەوە بکات کە ئایا دابەزاندنی کێش کارێکی ژیرانەیە یان نا و بیاننێرێت بۆ دابینکەری چاودێریی شیاو.

QR code naar deze pagina

QR Code